بەرپرسانی باڵای ئەرتەش و مووسادی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ناتەواو دەزانن و هۆشداری دەدەن کە ئەم لێکتێگەیشتنە، کێشەی مووشەکی و هەڕەشەی گرووپە نیابەتییەکان بەبێ وڵام دەهێڵێتەوە.
ڕۆژنامەی "جروزاڵم پۆست" بڵاوی کردووەتەوە کە زۆرینەی ئەفسەرانی باڵای ئەرتەش و مووساد دژی ئەم ڕێککەوتنەن و بە سەرنجدان بەو "خوێن و پارەیەی" خەرج کراوە، بە نادادپەروەرانەی دەزانن.
"واشنگتۆن پۆست"یش دەڵێ دەوڵەتی ترامپ تەنیا سەرنجی لەسەر کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و پرسی ئەتۆمی بووە، لە کاتێکدا ئەرتەش و مووساد هیوادار بوون پرسی مووشەکە بالیستییەکان و گرووپە تێرۆریستییەکان لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت.
بەرپرسانی مووساد پێیان وایە ئەگەر گەمارۆ داراییەکان بەردەوام بن، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵێکدا دەڕوخێت؛ چونکە تاران بەهۆی بۆردومانەکانی شەڕی ٢٠٢٦ و گەمارۆدانی هۆرمۆز، پتر لە ٣٠٠ میلیارد دۆلار زیانی بەرکەوتووە و گەیشتووەتە لێواری داڕمان.
ئێستا ئەوان نیگەرانن کە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، چەندین میلیارد دۆلار بڕژێتە ناو باخەڵی تاران و بەمەش دەرفەتی بێوێنەی گۆڕینی ڕێژیم و دابینکردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بۆ ساڵانێکی دیکە دوا بکەوێت.