ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حاجی غەفار مێهرەبانی پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.
حاجی غەفار، لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٩ی گوندی "ڕوان"ی سەر بە ناوچەی زەردوویی بوو. لە ساڵی ١٣٥٨دا و لە کاتی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە گەلی کورد، هاتووەتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە لکی شەهید مستەفا حوسەینی لە "هێزی شاهۆ" بووەتە پێشمەرگە.
ناوبراو دوای ساڵانێک خەبات، لە کاتی گەڕانەوەیدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و زیندانی کرا.
حاجی غەفار مێهرەبانی دوای ئازادبوونی لە شاری کرماشان نیشتەجێ بوو و پاش کۆچی دوایی، تەرمەکەی لە گۆڕستانی "حەزرەتی وەیس" بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
شایانی باسە، ناوبراو برای دوو پێشمەرگەی قارەمانی هێزی شاهۆ بوو؛ شەهید جەبار میهرەبانی کە ساڵی ١٣٥٨ لە شەڕی شاخی ئاتەشگا شەهید بوو، و شەهید حەمەلاو عەزیزی کە چەند ساڵ دواتر لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا لە سێدارە درا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.