کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنس: پێشێلکاریی تاران هێرشی سەربازیی ترامپی لێدەکەوێتەوە

09:19 - 26 جۆزەردان 2726

جەی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر تاران پێبەندی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیدا نەبێت، دۆناڵد ترامپ لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دوودڵ نابێت.

وێنس ئاماژەی بەوە کرد وڵاتانی کەنداو سەرەڕای بینینی دەرفەتی سەقامگیری، هێشتا بە گومانەوە دەڕواننە ڕێژیمی ئێران چونکە ڕەفتارەکانی پێشبینی ناکرێت.

وێنس جەختی کردەوە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکاندا، تاران هەموو ئێمتیازەکان لەدەست دەدات و ئابوورییەکەی لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەمێنێتەوە.

ناوبراو وتی: "هەموو کارتەکان لە دەستی ئێمەدایە. ئەگەر ئەوان بەڵێنەکانیان پێشێل بکەن، بژاردەی ترامپ دەکرێت گەڕانەوە بۆ دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان یان سەپاندنەوەی گەمارۆ و گۆشەگیریی توند بێت؛ ترامپ لەم کارەدا هەرگیز دوودڵ نابێت."

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ترامپ، گۆڕینی ڕێژیمی ئێران نییە، بەڵکوو دەیەوێت تاران کۆتایی بە ڕەفتارە نائاساییەکانی بهێنێت و وەک دەوڵەتێکی ئاسایی لە جیهاندا ڕەفتار بکات.