مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێ تاران بە چوونەدەری ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز، دەستبەرداربوون لە توانای پیتاندن و ڕاگرتنی پشتگیریی دارایی و سەربازی لە گرووپە نیابەتییەکانی وەک حووسییەکان، حیزبوڵڵا، حەماس و میلیشیاکانی عێراق پێبەند بکات.
واڵتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەیبیسی نیوز" جەختی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بە پێچەوانەی بەرجام، لەسەر بنەمای "پێدانی ئیمتیاز لە بەرامبەر جێبەجێکردندا" و وردبینییەکی توند دادەڕێژرێت؛ هیچ پارە یان دەستکەوتێکی ئابووری پێشوەختە نادرێتە ئێران و هەموو سوودێک بەستراوەتەوە بە کردەوەکانی تارانەوە.
ناوبراو وتی دیپلۆماسی بەبێ پشتوانەی "هەڕەشەی سەربازیی باوەڕپێکراو" کاریگەری نییە و ئێران تەنیا لە پێگەی لاوازییەوە هاتووەتە سەر مێزی دانوستان.
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانکارانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و کەمبوونەوەی پاشەکەوتی ئەرزی، لە دۆخێکی قورسدان و جیا لەوەش، جیاوازیی قووڵی نێوان بەشە سەربازی و مەدەنییەکان لەناو پێکهاتەی بڕیاردانی ئێراندا، ڕەوتەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
واڵتز لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا مینی دەریایی دابنێت، باج لە کەشتییەکانی ناو گەرووی هۆرمۆز وەربگرێت یان هێرش بکاتە سەر بەندەر و ژێرخانە مەدەنییەکانی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.