ساڵێک دوای شەڕی ۱۲ ڕۆژە، لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم شەڕە هێشتا بەسەر ژیانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنانەوە دیارن.
ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن لەم ماوەیەدا، هاوتەریب لەگەڵ قەیرانی بژێوی و تێکچوونی ژێرخانەکان کە ئاکامی سیاسەتی پێشووی ڕێژیمن، ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان بۆ ۱۳.۶ لەسەد دابەزیوە و بێکاریی کچانی لاویش لە هەندێک تەمەندا ۳۰ لەسەدی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان دەرچووی زانکۆن.
شەپۆلی دەرکردنی کارمەندان دوای ئەو قەیرانانە، زیاتر ژنانی گرتووەتەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی " ژنانەبوونی هەژاری"، بەتایبەت لەنێو ئەو ژنانەی سەرپەرستی خێزانن. لەلایەکی دیکەوە، گوشاری دارایی بارگرانیی کارە بێ بەرامبەرەکانی ناوماڵی وەک بەخێوکردنی منداڵ و بەساڵاچووانی لەسەر شانی ژنان چەند هێندە کردووە.
هاوکات، ناوەندە دەروونییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەکەن کە بەهۆی بێکاری و نائومێدییەوە کەوتووەتەوە. ئەم هۆکارانە دەیسەلمێنن کە شەڕ تەنیا قەیرانێکی سەربازی نەبووە، بەڵکوو کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر زیادبوونی نایەکسانیی ڕەگەزی و گوشاری دەروونی و ئابووری بۆ سەر ژنان بەجێ هێشتووە.