لە درێژەی شەپۆلی گرتنی هاووڵاتییان و چالاکوانان لە کوردستان، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیان بە ناوی "یووسف ئەمینی" بە شێوازێکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندن، شەوی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کاتژمێر ١١ی شەو بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "یووسف ئەمینی"، مامۆستای خانەنشینکراوی تەمەن ٥٠ ساڵە لە گەڕەکی "عەلیئاباد"ی بۆکان و دوای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان بەرەو شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
ئەو مامۆستا کوردە پێشتریش بەهۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی خاکی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی شاییدا، لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی تر لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم مامۆستا کوردە لەبەر دەستدا نییە.