کۆماری ئیسلامی بەهۆی تەنگژە توندەکانەوە تووشی لێکترازان و ململانێی قووڵی ناوخۆیی بووە. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، توندئاژۆکانی سەر بە دەسەڵات لە تاران و مەشهەد ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی دەسەڵاتدارانی خۆیان دروشمیان دا.
لە خۆپیشاندانەکانی تاران و مەشهەددا، لایەنگرانی بەرەی پایداری هێرشی توندیان کردە سەر عێراقچی و قاڵیباف و بە هاواری "بێشەرەفی سازشکار و نفووزی" پێگەی ئەوانیان هێنایە ژێر پرسیار. ئەم گرژییە نیشانەی ترسی باڵەکانی نێوخۆی ڕێژیم لە شکانی یەکجارییان لە بەرانبەر ئەمریکادایە.
لەگەڵ ئەم شڵەژانە، میدیاکانی سەر بە عەلی خامنەیی پەیامێکی ناوبراویان لەژێر ناوی "یەکڕیزیی میللی" دووبارە بڵاو کردەوە؛ هەوڵێکی بێهوودە کە نیشانەی دۆشداماویی رێژیم و ترسی گەورەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە تەقینەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان و پچڕانی یەکجاریی ڕیزەکانی دەسەڵاتی تارانە.