ڕاپۆرتێکی نوێی "پڕۆژەی شەفافییەتی تێکنۆلۆژی" نیشانی دەدات کە ٨٤ کاناڵ لە یوتیووبدا، سەر بە کەس و دامەزراوە گەمارۆدراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون؛ تەنانەت بەشێک لەم کاناڵانە لە ڕێگەی نیشاندانی ڕێکلامی ئانلاینەوە داهاتیان بۆ سپا پەیدا کردووە.
لەو ڕێژەیە، ٥٦ کاناڵ هی ئەو کەسانەن کە لە لیستی گەمارۆکانی SDN دان و ٢٨ کاناڵەکەی دیکەش سەر بە دامەزراوە فەرمی و ناوەندەکانی ڕێژیمن.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، شیرکەتی گووگڵ خێرا ٦٣ کاناڵی داخست و ڕایگەیاند کە پێبەندی یاساکانی گەمارۆی ئەمریکایە.
لەنێو کاناڵە سڕدراوەکاندا، ناوی شیرکەتەکانی دراوی دیجیتاڵی وەک نۆبیتێکس و واڵێکس، هێڵی ئاسمانیی ماهان، بانکەکان و میدیا پڕوپاگەندەییەکانی ڕێژیم وەک فارس نیوز، پرێس تیڤی و ئیرنا دەبینرێت. هاوکات کاناڵی کەسەکانی وەک عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ئەمیرحوسێن سابتی، بابەک زنجانی و مەسعوود پزیشکییان لەو لیستەدا بوون.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بابەتی چالاکیی دامەزراوە و کەسانی گەمارۆدراو لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا و داهاتپەیداکردنیان لە ڕێگەی ڕێکلامی ئانلاینەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار بووەتە جێگەی باس و هەستیاری دروست کردووە."