کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵتز: وڵاتانی کەنداو پاڵپشتی لە گۆشەگیریی ئابووریی سەر ئێران دەکەن

12:12 - 23 جۆزەردان 2726

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند هاوپەیمانانی کەنداو پاڵپشتی لە ستراتێژیی گوشاری زۆری دۆناڵد ترامپ دژ بە ئێران دەکەن و دەزانن تاران بە قورسی ئازاری گەمارۆکان دەچێژێت.

واڵتز پاش سەردانی بۆ بەحرەین، ئیمارات و بریتانیا، بە "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاند کە هاوپەیمانەکانیان داکۆکی لە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئابووری"ی سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری دەکەن.

ناوبراو وتی بەتایبەت ئیمارات پێیوایە هێشتنەوەی گوشاری باوەڕپێکراو تەنیا زمانێکە کە تاران لێی تێبگات.

واڵتز وتی، سەرکردەکانی ناوچەکە هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکایان پشتڕاست کردووەتەوە کە نیشانی دەدەن ئابووریی ئێران لەژێر گوشاری تێکەڵاوی گەمارۆکان، گوشاری سەربازی و گۆشەگیریدا بەرەو خراپتربوون دەچێت.

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهای دراوی ئێران لە داڕماندایە، پاشەکەوتی دراوی بیانی بەرەو تەواوبوون دەچێت، هەڵاوسان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ڕێژیم بۆ دابینکردنی مووچەی سپا، فەرمانبەرانی دەوڵەت و پۆلیس تووشی کێشە بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسێکی ئەمریکا ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ٨٥٪ خەمڵاندووە، بەڵام واڵتز جەختی کردەوە کە تیمی ترامپ (ڕۆبیۆ، بێسێنت و کۆشنێر) بۆ ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشە ئەم داڕمانە داراییەی تاران وەک کارتی گوشاری سەرەکی بەکار دەهێنن.