کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی قووڵی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا

09:03 - 23 جۆزەردان 2726

مەحموود نەبەوییان، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بەتوندی ڕەخنەی لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی نوێ زیانبەخشترە و ئێران ناچار بە پاشەکشە و پێدانی ئیمتیازی زیاتر دەکات.

ئەم ناکۆکییە نێوخۆییانەی دەسەڵات لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن دانوستانەکان لە هێڵی کۆتاییدان.

نەبەوییان هێرشی کردە سەر دانوستانکاران و ڕێککەوتنەکەی بە "زیانی ڕەها" ناو برد، کە بە وتەی ئەو، لەلایەن داڕێژەرانی بەرجامەوە ئامادە کراوە.

ئەم کێشمەکێشە بە ڕوونی پەردە لەسەر دووبەرەکییەکی تۆقێنەر و قڵشێکی قووڵ لە لووتکەی دەسەڵاتی تاراندا لادەدات. لە کاتێکدا باڵێک لە ترسی داڕمانی یەکجاریی ئابووری، بە ناچاری و بەپەلە بەرەو ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ هەنگاو دەنێت، باڵە توندڕەوەکەی تر ئەمە بە "خەیانەت و پاشەکشە" دەزانێت.

 ئەم ململانێیە قورسە نیشانی دەدات کە ڕێژیم لە نێوخۆیدا بووەتە چەند دەستە و کەوتووەتە گێژاوێکی وای سیاسییەوە کە شەڕی مان و نەمان و کورسی، لێکترازانی خستووەتە نێوان سەرانی کۆماری ئیسلامییەوە.