مەجلیسی لۆردەکانی بریتانیا پڕۆژەیاسایەکی بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بە مەبەستی بە تێرۆریستی ناساندنی سپای پاسداران تاوتوێ کرد.
ئەم یاسایە کە لەلایەن دەوڵەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، لە ئەگەری پەسندکردنیدا دەسەڵات دەداتە وەزیری نێوخۆی بریتانیا تا سپای پاسداران وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نیشتمانی بناسێنێت.
بەپێی ئەم یاسایە کە پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، سزا مەدەنی و تاوانکارییەکان توندتر دەبنەوە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ١٤ ساڵ زیندانی دەبنەوە.
"دەیڤد هێنسن" وەزیری ڕاوێژکار بۆ کاروباری ئەمنییەتی نیشتمانی ڕایگەیاند کە حكوومەت تەواو لە هەڕەشەکانی ئێران لە خاکی بریتانیادا ئاگادارە. هاوکات ئەندامانی مەجلیس پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە گرووپە نەیارەکانی سەر بە سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتییانی جولەکە و میدیاکاران، تەنانەت لە ڕێگەی هەندێک ڕێکخراوی خێرخوازی لە نێو بریتانیادا سەرچاوەی داراییان کۆ کردووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر وڵاتانی وەک ئەمریکا، کانادا، ئوسترالیا، عەرەبستان، بەحرەین، پاراگۆئێ، ئێکوادۆر، ئارژانتین و یەکیەتیی ئورووپا، سپای پاسدارانیان خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.