کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری یەکێک لە شەهیدانی کۆمەڵکوژیی "قەرەگۆل" کۆچی دوایی کرد

11:35 - 22 جۆزەردان 2726

دایە ئێران سوڵتانی کادەروێشی، هاوسەری شەهید عەلی سالک، لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا و لە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاویدا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباددا بە خاک سپێردرا.

شەهید عەلی سالک، هاوسەری دایە ئێران، لە ٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا، وێڕای ١٨ کەسی دیکەی بێتاوان لە ئاوایی "قەرەگۆل"ی سەر بە چۆمی مەجیدخانی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کۆمەڵکوژ کران.

دایە ئێران وەک کەسێکی لەسەرەخۆ، خاکی و خۆشەویستی ناوچەکە دەناسرا؛ ئەو وەک شاهیدێکی زیندووی ئەو تاوانە گەورەیە، تا دوایین ساتی ژیانی ئاواتەخواز بوو کە ئەنجامدەران و جنایەتکارانی کۆمەڵکوژیی قەرەگۆل ڕادەستی یاسا و دادگا بکرێن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.