کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیدیعاکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە پرسە سەرەکییەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند تاران بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نەداوە و سازان لەسەر هێڵە سوورەکانی ناکات.
بەقایی هاوکات دەنگۆکانی سەبارەت بە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئورووپا ڕەت کردەوە. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە ترامپ ڕایگەیاندبوو لایەنەکان چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەیان پەسند کردووە.
هاوکات، بڵاوکراوەی "هۆرمۆز لێتێر" ئاشکرای کرد کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیدیعای ترامپی سەبارەت بە پەسندکردنی دەقەکە لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی ڕەت کردووەتەوە.
هەواڵدەریی حکوومەتی "فارس"یش جەختی کردووەتەوە کە هەر جۆرە سازانێک بەندە بە قەبووڵکردنی داواکارییەکانی تاران لەلایەن واشنگتۆنەوە.
سەرەڕای ئەم دژایەتییە، بەقایی دانی بەوەدا ناوە کە بەشێکی زۆری دەقی دانوستانەکان ئامادەیە، بەڵام ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت.