کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام پەکخستنی سێهەمین کەشتیی بازرگانیی لەم حەفتەیەدا ڕاگەیاند

10:20 - 22 جۆزەردان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، هێزەکانیان نەوتهەڵگرێکی تریان بە ناوی "جەلویر" بە ئاڵای "گینەی بیسائۆ"وە لە دەریای عوماندا پەکخستووە کە خەریکی گواستنەوەی نەوتی ئێران بووە.

هێرشەکە دوای ئەوە هات کە خەدەمەی کەشتییەکە فەرمانی هێزەکانی ئەمریکایان ڕەت  کردەوە و لە ئەنجامدا فڕۆکەیەکی ئەمریکا بە دوو مووشەکی "هێڵفایێر" ماتۆڕخانەی نەوتهەڵگرەکەی پێکا.

سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا دوو نەوتهەڵگری دیکەیان بە ناوەکانی "مەریوێکس" و "سێتبێلۆ" بە ئاڵای وڵاتی پالائۆوە پەکخستووە کە دەیانویست بچنە بەندەرەکانی ئێران یان نەوتی ئەو وڵاتە بگوازنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە ١٣ی ئەپریل کە وەک وڵامێک بوو بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن تارانەوە ئەژمار دەکرێت، سێنتکام ٩ کەشتیی سەرپێچیکاری لەکار خستووە، ئاراستەی ١٣٥ کەشتیی گۆڕیوە و ڕێگەی بە ٤٢ کەشتیی مرۆیی داوە.

ئەم گەمارۆیە بە سەر سەرجەم ئەو کەشتییانەدا دەسەپێت کە دێنە ناو بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان یان لێیان دەچنە دەرەوە.