ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردان، ئەندامانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا پیکهاتوو لە ''سەلاح پوورئەسەد، ڕووناک ڕاد، باوە ڕەزایی و ژینۆ کاردۆ''، لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لەگەڵ خاتوو "ئەنیکا نیپراسک"، سەرۆکی نووسینگەی سیناتۆری سەربەخۆ "لیدیا تڕۆپ" کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوە ئانلاینەدا، هەیئەتی حیزب بە بەڵگەوە باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بەرزبوونەوەی ئاماری سێدارەکان و هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سپای پاسدارانیان بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە هەرێمی کوردستان کرد؛ داواشیان کرد سیناتۆر تڕۆپ ببێتە دەنگی گەلی کورد لە ئوسترالیا.
هاوکات "باوە ڕەزایی" ڕاپۆرتێکی لەسەر سەرکوتی سیستماتیکی کوردانی یارسان پێشکەش کرد و ئاماژەی بە شەهیدکردنی "مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی" لە کرماشان بەدەستی سپای پاسداران کرد.
لەکۆتاییدا، خاتوو "ئەنیکا" وێڕای پشتیوانی بۆ دۆزی کورد، بەڵێنی دا ڕاپۆرتەکان بگەیەنێتە سیناتۆر تڕۆپ و وەزارەتەکانی دەرەوە و نێوخۆی ئوسترالیا. هەروەها بڕیار درا بەرنامەیەک بۆ هاوکاریی دوولایەنە و چۆنیەتیی بەشداری لە یادکردنەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پارلەمانی ئوسترالیا دابنرێت.
