بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆمپانیای زانیاریی کاڵاکان "کێپلێر"، بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بۆ ٢٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە؛ ئەمەش یەک لەسەر شەشی ئەو ڕێژەیەیە کە تاران پێش گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا هەناردەی دەکرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی نەفرۆشتنی نەوتەکەیەوە، ناچار بووە گازی شل و نەوتی خاو لەناو تانکەرە لەنگەرگرتووەکانی ناو ئاوەکانی باشوور و کۆگا زەوینییەکانیدا حەشار بدات.
ئێران خاوەنی ٩٥ میلیۆن بەرمیل توانای کۆگا و بارکردنی نەوتە لەسەر وشکانی، بەڵام کێپلێر ئاشکرای کردووە کە ئەم دامەزراوانە بە تەواوی پڕ بوونەتەوە و تەنیا ١٣.٥ میلیۆن بەرمیل توانای بەتاڵیان ماوە؛ ئەم بڕەش یەکسانە بە تەنیا هەناردەی یەک حەفتەی ئێران لە سەردەمی پێش گەمارۆکان، هەر بۆیە ڕێژیم ناچار بووە ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە.
هاوکات، لێکۆڵینەوەکانی هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" نیشانی دەدەن کە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٧١٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە ٢ میلیۆن و ٣٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئەمەش نزمترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتەیە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.