ئەمریکا و ٢٢ وڵاتی هاوپەیمانی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کارە تێکدەرانە و مەترسیدارەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانیان لە ئورووپا، ئەمریکا و ئوسترالیا مەحکووم کرد و داوایان لە تاران کرد دەستبەجێ هێرش و چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە دەرەوەی وڵات ڕابگرێت.
ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، کانادا، ئوسترالیا و ١٧ وڵاتی تری ئورووپایی، لەم بەیاننامەیەدا ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هێزی قودس و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیان لەهەمبەر ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرش، هەڕەشە، هەوڵی تیرۆرکردن و ڕفاندنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژنامەنووسان و ناوەندە جوولەکە و ئیسرائیلییەکان لە خاکی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە بەرپرسیار لە قەڵەم داوە.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پەیوەندیی نێوان دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێران و گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتی و خۆجێییەکان مێژوویەکی درێژی هەیە و بەکارهێنانی ئەم تۆڕە مافیاییانە لەلایەن تارانەوە کارێکی "قێزەون" و قەبووڵنەکراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپی "حرکت اصحاب الیمین الاسلامیه" کە بە پاڵپشتیی ئێران ئەنجام دراون، مەحکووم کراون.
دەوڵەتانی واژۆکار جەختیان کردەوە کە هەوڵدان بۆ کوشتن، ڕفاندن، ئازاردان، چاوترسێنکردن، یان هەر جۆرە هێرشێک دژ بە کەسەکان لە خاکی وڵاتانی تردا، پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان و نەریتی نێودەوڵەتییە و هۆشدارییان دا کە پێویستە ئەم کارانە دەستبەجێ ڕابگیرێن.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە ڕایانگەیاندووە کە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ئەمنییەتی نەتەوەیی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا یەکگرتوون و ئامادەن ڕێکاری توندتر دژی تاران بگرنەبەر.