کۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆسەی لەسێدارەدانی نەیاران و چالاکوانانی سیاسیی خێراتر کردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی سانسۆری توندی ڕێژیم و پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی ئینتێرنێتەوە، پێدەچێت ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان زۆر لەوە زیاتر بێت کە بڵاو دەبێتەوە.
تاران لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، سەرکوتێکی خوێناوی دژی نەیارانی دەست پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٦ی زایینییەوە، ٧٨٤ حاڵەتی لەسێدارەدان تۆمار کراون.
نوێنەرێکی ئەم ڕێکخراوە بە "فاکس نیوز دیجیتاڵ"ی ڕاگەیاندووە کە لە مانگی بەفرانبارەوە ڕێژەی لەسێدارەدان بە شێوازێکی مەترسیدار زیادی کردووە و سزای مەرگ دژی بەندکراوانی سیاسی گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی سەرکوت، کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە؛ بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە واشنگتۆن بەتوندی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سزادانی هاووڵاتییانی ناڕازی و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتایییەکانیان مەحکووم دەکات.
لەبەرامبەردا، چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژیی زیاتری دەنگە ئازادیخوازەکان لە ئێراندا خۆش دەکات.