کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی لەهستان دەستی بەسەر تۆنێک هێرۆییندا گرت کە سەرچاوەکەی ئێران بووە

12:18 - 20 جۆزەردان 2726

پۆلیسی لەهستان ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر زیاتر لە تۆنێک هێرۆیین لە بەندەری "گدینیا"دا گرتووە؛ بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، سەرچاوەی ئەم بارە لە ئێرانەوە بووە و لەنێو کانتێنێرێکی خشتدا حەشار درابوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی نێوخۆی لەهستان، ئەم دەسبەسەرداگرتنە دوای وەرگرتنی زانیاری سەرەتایی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی بریتانیا و چاودێریکردنی بارێکی گومانلێکراو ئەنجام دراوە.

 بەرپرسانی پۆلیس ئەم ئۆپەراسیۆنەیان وەک گەورەترین دەسبەسەرداگرتنی هێرۆیین لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا وەسف کردووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای بارە دۆزراوەکە بە دەیان میلیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت و چەند هاووڵاتییەکی لەهستانی لەسەر ئەم دۆسییەیە دەسبەسەر کراون و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی دادوەری بوونەتەوە.

بەرپرسانی لەهستان هۆشداریشیان داوە کە لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەر تۆڕی قاچاخچییەکان و ڕێڕەوی گواستنەوەی ئەم بارە هێشتا بەردەوامە.