کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی ئەمیر یووسفی دوای ٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی

10:47 - 25 بانەمەڕ 2726

هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بۆکان، کەسێکیان بە ناوی "ئەمیر یووسفی" بە شێوازێکی سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ئەمیر یووسفی کە نیشتەجێی گوندی "سەلامەت"ی سەر بە بۆکانە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧ ڕۆژ لە گیرانی، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە.

ئەو هاونیشتمانییە دەستبەجێ دوای قۆڵبەستکردنی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە.

شایانی باسە کە تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیر یووسفی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.