ئاژانسی دەریایی مالێزی ڕایگەیاندووە کە نەوتهەڵگرەکانی ئێران، بە سوودوەرگرتن لە "بۆشاییە یاساییەکان" لە نزیک ئاوەکانی ئەم وڵاتە، نەوتی گەمارۆدراوی ئێران لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە دەگوازنەوە.
گرووپی ئەمریکیی "یەکیەتیی دژی ئێرانی ئەتۆمی" و چاوەدێرانی پیشەسازیی کەشتیوانی دەڵێن، ئاوەکانی نزیک ویلایەتی "جۆهۆر" لە باشووری مالێزی بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی نەوت لە نێوان کەشتییە سێبەرەکانی ئێراندا.
ئەم نەوتهەڵگرانە زۆربەی کات سیستەمی شوێنهەڵگرتنی خۆیان دەکوژێننەوە و بە ناسنامەی ساختە کار دەکەن تا سەرچاوەی نەوتەکە (کە زۆربەی بۆ چین دەچێت) بشارنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو گرووپە، لە ٩ی ڕەشەمە و هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لانیکەم ٤٢ حاڵەتی گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی ماهوارەکان لەو ناوچەیەدا تۆمار کراوە.
لە بەرامبەردا، محەمەد ڕووسلی عەبدوڵڵا، سەرۆکی ناوەندی جێبەجێکردنی یاسا دەریاییەکانی مالێزی ڕایگەیاند، ئەم گواستنەوانە زۆرتر لە دەرەوەی ئاوە نیشتمانییەکانی ئەوان و لە ناوچە سنوورییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە لەژێر داپۆشینی ڕاداردا نین.
ناوبراو جەختی کردەوە کە هەڵبژاردنی ئەم شوێنانە بە مەبەستی سوودوەرگرتنە لە بۆشاییە یاساییەکان تا دەسەڵاتی نێوخۆیی نەتوانێت ڕێکاری ڕاستەوخۆیان لەبەرامبەر بگرێتە بەر.