کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان

20:00 - 22 خەرمانان 2726

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!
کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی!

لە کاتێکدا بەرەو یادی چوارەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی شوناسخوازانە و جەماوەریی ژینا هەنگاو دەنێین، کە وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژانێکی پڕشکۆ لە خەباتی نەپساوە و بەردەوامی ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پاوانخواز و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەو سەرهەڵدانە مێژووییە سەرەتا لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و پاشان هەموو ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و گشت ئازادیخوازانی جیهانیشی هێنایە سەر هێڵ و لاپەڕەی بزووتنەوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتووی لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازاندا بۆ هەمیشە تۆمار کرد.

بزووتنەوەی ژینا کە بە درووشمی سەرەکیی «ژن، ژیان، ئازادی» هەموو چین و توێژەکانی کوردستان و ئێرانی هێنایە سەر شەقام و «نا»یەکی بەرزیان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی وت؛ لە ژنانەوە کە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا هەتا لاوان و خوێندکارانی زانکۆکان، هەموو یەکدەنگ و یەکهەڵوێست لە بەرامەر دڕەندەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا وەستانەوە و ئەو ڕێژیمەیان تووشی گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوە و قەیرانی مێژووی دەسەڵاتدارییەکەی کرد.

هەموو ئەو کەسانەی وا کەڵکەڵەی ڕزگاری و ئازادییان هەیە و چاوەڕوانی نەمانی دیکتاتۆرانن، ئێستاش چاوی هیوایان لەسەر خەڵکی تێکۆشەر و مافویستی کوردستان و ئێرانە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە لەمپەرێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بن.

هەر بەم بۆنەیەوە، «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» لە بەرەبەری ساڵڕۆژی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بانگەوازی مانگرتنێکی گشتیی بڵاو کردووەتەوە کە بۆ ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانە و لەوێدا داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان پەیوەستی ئەو مانگرتنە بن و جارێکی دی نیشانی بدەن کە خوێنی ڕۆڵەکانی خۆیان لەبیر نەکردووە، و ئەو پەیامە بە کۆماری ئیسلامی بدرێت کە دەسەڵاتێکی ناڕەوایە و ناتوانێت بە گرتن و سەرکوت، هەڕەشە و ئەشکەنجە و ئێعدام، خەونی ئازادی لە چاوی خەڵکی چاونەترس بتارێنێت.

ئێمە وەک ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای پشتیوانی لە بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی، توێژەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ڕووناکبیران، مامۆستایان و ڕێکخراوە مەدەنی و ناحکوومییەکان دەکەین بەوپەڕی توانای خۆیانەوە پەیوەستی ئەم مانگرتنە بن و لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لە خەباتی مەدەنییانە و ئازادیخوازانەی خۆیان تۆمار بکەن.

سەرکەوێت خەباتی نەپساوەی نەتەوەکەمان.

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی