بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "ئەلعەرەبیە"، دەوڵەتی لوبنان لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی شۆرای ئەمنییەت و کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، ڕێژیمی ئێرانی بە "پێشێلکردنی عورفی دیپلۆماتیک، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆ و ڕاکێشانی لوبنان بۆ نێو شەڕ" تۆمەتبار کرد.
لەو نامەیەدا، تاران تۆمەتبار کراوە بەوەی لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە چالاکیی بێ مۆڵەتی لەنێو خاکی لوبناندا ئەنجام داوە.
ئەم سکاڵایە لەکاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتی لوبنان و حیزبوڵڵا بەهۆی شەڕی چەند مانگەی ڕابردوو لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووەتە لووتکە.
هاوکات، میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران پەیامێکی "نەعیم قاسم" سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵایان بڵاو کردەوە کە تێیدا سپاسی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران دەکات؛ بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە لەم کاتەدا، قووڵیی درزی نێوان هەڵوێستی فەرمیی دەوڵەتی لوبنان و سیاسەتەکانی حیزبوڵڵای زیاتر دەرخستووە.