ئەندی برنهام، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند "ئاماژەی بەهێز" هەن کە ئێران لە ڕووداوەکەی نزیک بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرددا دەستی هەبووبێ؛ ڕووداوێک کە بووە هۆی دەسبەسەرکردنی پێنج کەس لە چارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی تێرۆریستیدا.
برنهام لە کۆتایی کۆنفرانسی پارتی کرێکار لە لیڤێرپوول وتی: "بە بڕوای دەوڵەتی بریتانیا، کۆماری ئیسلامی دەستی لەو کردەوە تێرۆریستییەدا هەبووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی لێکۆڵینەوە ئاڵۆزەکانی پۆلیسەوە نەیتوانی وردەکاریی زیاتر بخاتە ڕوو."
ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ بیبیسی وتی: "ئاماژەی بەهێز هەن لەسەر ئەوەی ئێران ڕۆڵی هەبووە لەوەی کۆتایی حەفتە لە بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد ڕووی دا؛ بەڵام بێگومان ئەمە هێشتا لێکۆڵینەوەیەکی ئاڵۆز، جیددی و بەردەوامی پۆلیسە."
بنکەی فێرفۆرد پێشتر لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکان لە شەڕی دژی ئێراندا کەڵکی لێ وەرگیراوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو واشنگتۆن لەو بڕوایەدایە "ئەکتەرێکی دەرەکی" لە بابەتەکەدا دەستی هەبووە.
پێنج تۆمەتبارەکە (کە هەموویان تەمەنیان لە دەوروبەری ٢٠ ساڵیدایە) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی تەقێنەوە و ئامادەکاری بۆ کردەوەی تێرۆریستی دەسبەسەر کران، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.
ئەم ئازادکردنە مەرجدارە ڕەخنەی توندی دەوڵەتی ترامپی لێ کەوتەوە و برنهام لە وڵامدا جەختی لەسەر توندیی مەرجەکانی کەفالەتەکە کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەزگا ئەمنییەتییەکان دەربڕی.