کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی قەیرانی ئابووری؛ هەڵاوسانی خاڵ‌بە‌خاڵ گەیشتە سنووری ٩٠٪

08:46 - 9 رەزبەر 2726

ئابووریی ئێران لە مانگی خەرماناندا تووشی شڵەژانی هاوکاتی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، داڕمانی بەرهەمهێنان و بەهای پارە بووەتەوە؛ دۆخێک کە گوشاری بژێوی لەسەر بنەماڵەکان بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرز کردووەتەوە.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند هەڵاوسانی خاڵ‌بە‌خاڵ گەیشتووەتە ٨٩.٨٪، کە بەراورد بە  مانگی گەلاوێژ ٠.٨ یەکە زیادی کردووە و هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ ٧٣.٦٪ بەرز بووەتەوە.

ئەو ئامارە ئەوە نیشان دەدات کە بنەماڵەکان لە مانگی خەرماناندا بۆ کڕینی کۆمەڵێک شتومەک و خزمەتگوزاری، نزیکەی ٩٠٪ زیاتر لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوویان خەرج کردووە.

شۆکی گرانی لە بەشێک لە کەرتەکاندا بەهێزتر بووە؛ هەڵاوسانی بەرهەمەکانی تووتن گەیشتووەتە ١٦٢٪، کەلوپەلی ناوماڵ بۆ ١٢٤.٦٪ و پەیوەندییەکان بۆ ١٢٢.٧٪ ، هەڵکشاون.

هەروەها خۆراک و خواردنەوەکانیش سەرەڕای دابەزینێکی کەم، هەڵاوسانی ١٢١.٨٪یان تۆمار کردووە.

ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ داڕمانی ئابووری؛ ناوەندی ئاماری ڕێژیم گەشەی ئابووریی سێ مانگی یەکەمی ساڵی بە ١٠.١٪ی نەرێنی هەڵسەنگاندووە، واتە ئابووریی ئێران لە پاڵ گرانبوونی خێرای نرخەکاندا، بەرەو پاشەکشەیەکی قووڵی بەرهەمهێنان ڕۆیشتووە.

لە بازاڕی دراویشدا، دۆلار بە تێپەڕاندنی ٢٥٦ هەزار تمەن و یۆرۆ بە ڕەتکردنی ۲۹۰ هەزار تمەن ڕێکۆردی نوێیان خولقاند؛ هەڵکشانێک کە تەنانەت بەڵێنی بانکی ناوەندی بۆ ڕژاندنی دوو میلیارد دۆلار نەبووەتە ڕێگر لە بەردەمیدا.