
سارۆ خوسرەوی
لە دنیای شێعری هاوچەرخی کوردیدا، دەنگی ژن وەک باڵێکی نوێیە بەسەر ئاسمانی ئەدەبەوە، باڵێک کە هەم هەست و هەم بوون دەگۆڕێت. ئەگەر شێعری پیاوانە بۆ ماوەیەکی درێژ بە زمانێکی باڵادەست و دیدێکی تاکڕەهەند ناسرابوو، ئەوا هاتنی ژنی شاعیر ئەم یەکدەنگییە دەشکێنێت و ڕەهەندێکی قووڵتر، مرۆییتر و ڕاستگۆتر بە شێعر دەبەخشێت.
پێشتر لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردیدا، کەمتر هەست بە بۆن و بەرامەی گوڵی شێعری ژنەشاعیران دەکرا، بەتایبەت ئەو ژنانەی دەیانویست ژنانە شێعر بنووسن.
لەم نێوەندەدا، سەحەر موعیزی وەک نموونەیەکی هەرە جوانی ئەم دەنگە ئازادە خۆی دەنوێنێت. ئەو بە هەستێکی تەواو ژنانە، ناسک و لە هەمان کاتدا بوێرانە دەنووسێت؛ خۆی لەو چوارچێوە تەسکە دادەبڕێت کە تێیدا شێعر تەنیا بە چاوی پیاوەوە دەبینرێت. شێعر لای ئەو تەنیا وەسفی جوانی نییە، بەڵکوو خۆدۆزینەوە و خۆسەلماندنە. ئەو خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ئازادە و هەرگیز ناهێڵێت دیوارە بەرزەکانی نەریتی کۆمەڵگە و فەرهەنگی باوکسالاری، ئاسۆی بێسنوور و جیهانە فراوانەکەی شێعری لێ تەسک بکاتەوە، بەڵکوو لە نێو هەمان جیهانە تەسکەدا، بۆ ڕۆحی ژن بەرینترین ئاسۆ دەڕەخسێنێت.
سەحەر موعیزی، بە شکۆی ژنانە شێعر دەنووسێت و ناسنامەی ژنبوونی خۆی لە جوانترین وێنەی شێعریدا دەخوڵقێنێت. ئارەزوو و ئەوینی ژن لە ڕەنگی سوخمە و گۆبەرۆکدا هەڵدەکێشێت و بەبێ ئەوەی سڵ لە سۆزی دڵداری بکاتەوە، دیمەنێک لە شەکاوەیی ئاڵای ژنبوونمان بۆ دەخاتە ڕوو و دەڵێت:
«ئاخ
چ مەستە گۆبەرۆک
لە پاکیزەیی سوخمەما
بە ناڕەزایەتیی ئەوین
لەوەتەی پەنجە دزێکە
بۆ گەستنی سێوی حەوا و
لێو، تاوانێکی ئاڵە
بۆ هەڵمژتنی ئارەزوو،
کەنیشک لێرە ئاڵایەکی شەکاوەیە
بە سێدارەی ئایینەوە.»
بەدەم سەرنجدانم لە شێعری ئەم خاتوونەشاعیرە، چاوی خەیاڵم لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان دەخشێت. لە هەناوی ئەم خۆشەویستییەدا، ژنێک لە ڕەگەزی با، دڵداری لەگەڵ باران و خۆرەتاودا دەکات و دەڵێت:
«من لە ڕەگەزی بام
باران،
خاک، خۆرەتاو،
ئەشق و نیشتمان.
هاوڕەگەزخواز نیم و
دڵداریش لەگەڵیا ئەکەم»
گەشبینی خاڵێکی بەرچاوی دنیای شێعریی ئەم شاعیرەیە، بە جۆرێک کە لە ڕەگی وشەی فرمێسکدا، پێکەنین بەدی دەکەیت، وەک ئەوەی دەڵێت:
«گوڵی فرمێسکت بچێنە
لە ڕەنگی پێکەنینێکم
کێ دەزانێت دوا بەشی گەڵا پاییز بێت؟»
شاعیر بۆ ڕەوینەوەی تەمی گومان لە ئیرادەی ژن، بە سیمای ژنانە پەنجە لەسەر بەرچاوترین نیشانەکانی جەستەی خۆی دادەنێت و دەیانکاتە دەستەچیلەی ئاخێزی ژن و دەڵێت:
«چەند سیاسەتڕێژە جەستەم!
ملوانکەکەم فیشەکێکە و
دوو چەکم کردە گوارە و
جلەکانیشم سەنگەرم!»
شاعیر، لە هەر شوێنێک ئاگری نیشتمان گڕ لە دارستانی ئاوەدانی بەربدات، وشە دەکاتە لێزمەی باران و گەڕەکی هەنار پڕ دەکات لە بووژانەوە و دەڵێت:
«ئەمن مێژووی بووژانەوەم
باوەشم دڵ دەکاتەوە
بۆ کەنیشکی باران و
ئارەقەی ڕوان و
دڵداریی شاخ لەگەڵ گەڕەکی هەناردا»
شاعیر، لەگەڵ هاژەی ڕووبار ئاوێزانی دڵی چیا دەبێت و مێژووی بووژانەوەی درەختمان بۆ تۆمار دەکات، بۆ ئەوەی ژیان و ئاوەدانی وەک چیاکانی زاگرۆس لە بەرزیدا خۆ بنوێنن. ئەو بەم جۆرە خۆشەویستی تێکەڵ بە زام و ڕەنجی مێژوو دەکات و دەڵێت:
«ڕێنووسی ڕووبار هاژەیە و
دەفتەری نیشتمان کانی!
ئێمە دار دەنووسینەوە
لە نێو دێڕی سەربەستیدا و
لە تۆی زامی سەدان ساڵە
ئاوەدانی»
شاعیر باشتر لە هەر کەس ئازار و مەینەتی ڕەگەزی خۆی هەست پێ دەکات و دەزانێت دەنگی ژنان چۆن لە نێو ژاوەژاوی ژیاندا ون دەبێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو ژنانە خاوەنی بەهرەی هونەری بن، بۆیە لە مەرگی گۆرانیبێژی بەناوبانگ «فەتانە وەلیدی» دێتە دوان و دەڵێت:
«بێدەنگ نێژرا
چریکەی ژنێک
لە وڵاتێکا
دەنگی مەنارەکان
لە دەنگی ئەو بەرزتر بوو!»
سەحەر موعیزی، لەو جۆرە شاعیرانەیە کە بە ئەوینی وشەوە پەنجەرەیەک بە ڕووی گەشبینی و خەونی ژناندا واڵا دەکات و ژنانە دەنووسێت. کردنەوەی دەلاقەیەکی شێعری بە ڕووی خەون و خەیاڵی ژناندا بە ڕوانگەیەکی ژنانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕەنگە هێشتا ئاسان نەبێت، بەڵام من ئەو بوێرییە لە شێعری ئەم ژنەشاعیرەدا دەبینم.
لە ڕاستیدا، هەر چەندە قەڵەمی وەک ئەم خاتوونە لە نێوماندا زۆر بن، ئەوەندەش هونەری ژن دەبێتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی جوانییەکانی ژیان لە دیدی ژنەوە. هەروەها دەنگی بوێری و هونەری باڵای ژنان دەبێتە دەلاقەیەکی ڕوون بۆ بینینی جوانییە شاراوەکانی ژیان؛ جوانییەک کە تەنیا لە جەوهەری پاکی بوونی ژندا دەدۆزرێتەوە.
لەدایکبوونی هەر قەڵەمێکی وەک سەحەر موعیزی، لەدایکبوونی دەلاقەیەکە بەرەو جیهانێکی جوانتر، کە تێیدا ژیان بە چاوی پڕ لە هەستی ژنەوە دەبینرێت.