کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حەفتانەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز

13:43 - 10 رەزبەر 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆڕک تایمز" لەزاری بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ڕۆژاواوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتوووە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ئاگۆستەوە، حەفتانە دەیان دڕۆن و مووشەکی دژەکەشتییان ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران بە تێکڕای حەفتانە بە ٣٠ دڕۆن و ١٠ مووشەکی دژەکەشتی پەلاماری کەشتییەکان دەدات، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم هێرشانە ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

لە بەرانبەردا، وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە ئاشکرا بەردەوامیی ئەم پەلامارانەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە تاران ڕێگە بە دەربازبوونی ئەو کەشتییانە نادات کە ڕێنماییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووەکە پێشێل دەکەن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە لەم ئاوڕێگە ستراتێژییەدا بە شێوەیەکی ڕۆژانە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕوو دەدات و ئەمریکاش وڵامی هەنگاوەکانی تاران ناداتەوە.

هاوکات، ئیدارەی دەریاوانیی ئەمریکا هۆشیاریی داوە کە مەترسیی هێرشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر کەشتیوانی بە دڕۆن، مووشەک و بەلەمی بۆمبڕێژکراوی بێفڕۆکەوان لە ئاستێکی بەرزدایە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "واشنگتۆن پۆست"، لە یەکێک لەم هێرشانەدا بۆ سەر کەشتییەکی مەدەنی لە مانگی سێپتامبردا، هەشت سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا بریندار بوون.

ئەم ئاڵۆزییانە هاتوچۆی کەشتییەکانیانی لە گەرووی هۆرمۆزدا بەراورد بە پێش شەڕ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە؛ ئاوڕێگەیەک کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.

بۆ ڕێگریکردن لە وەستانی ئاڵوگۆڕی وزە، ئەمریکا بە دروستکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو لە باشووری گەرووەکە و نێو ئاوەکانی عومان، هەوڵی دەربازکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بە پشتیوانیی ئاسمانی دەدات.