ئێران کە خاوەنی دووەم گەورەترین پاشەکەوتی گازی سروشتی لە جیهانە، لە بەرانبەر زستانێکی پڕ لە ئاڵۆزیدایە، کاتێک کەمیی درێژخایەنی گازی سروشتی بەهۆی دابەزینی توانای بەرهەمهێنان و زیانلێکەوتنی ژێرخانەکان لە دوای شەڕی ئەم دووایانە گەیشتووەتە لووتکە.
تۆڕی گازی ئێران کە زستانی ڕابردوو لە لووتکەی بەکارهێناندا لەگەڵ کورتهێنانی ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجا لە ڕۆژێکدا ڕووبەڕوو بووەوە، ئەمساڵ بە توانایەکی زۆر کەمترەوە بەرەو وەرزی سەرما هەنگاو دەنێت.
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیم ئاشکرای کرد کە بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانەکانی وزە لە شەڕەکانی دواییدا، ٢٥٠ میلیۆن میتری سێجا گاز لە تۆڕی نیشتمانی دابڕاوە.
ئەم کورتهێنانە گەورەیە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی پێش شەڕیش نەیدەتوانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا ڕاگرێت؛ بە جۆرێک لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەردەوام کەرتی پیشەسازی، وێستگەکانی کارەبا و بەشێک لە بنەماڵەکانی خستووەتە ژێر مەترسیی پچڕانی ڕەوتەکەوە.
قەیرانی گاز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارەبای ئێرانی تووشی پەککەوتن کردووە، چونکە نزیکەی ٨٠٪ی کارەبای ئێران بە گاز بەرهەم دەهێنرێت.
ڕێژیم بۆ ڕێگریکردن لە کوژانەوەی سەرانسەری، پەنا دەباتە بەر سووتاندنی مازووت و سووتەمەنیی قورس، کە جگە لە زیانی ئابووری، ئاستی پیسبوونی هەوای شارەکانی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز کردووەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، دابەزینی ئاستی هەناردەی گاز بۆ عێراق لە ٥٠ میلیۆنەوە بۆ ٥ میلیۆن میتری سێجا، داهاتی دراوی بیانیی تاران کەم دەکاتەوە و پێگەی ناوچەیی ڕێژیم لە بازاڕی وزەدا بێهێزتر دەکات.
بەم پێیە، ئێران ئەمساڵ بەرەو زستانێک دەچێت کە تاوانەکەی بە شێوەی پەککەوتنی پیشەسازییەکان، بەرزبوونەوەی بێکاری و دابەزینی بەرچاوی گەشەی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان دەکەوێتەوە.