لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێمارات و دەزگا ئەمنییەتییە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لە ئاراستەی هێرشی جێگری فڕۆکەوانێکی شیرکەتی "فڵای دوبەی" دەکەن، ئیسرائیل و ئەمریکا ئەگەری دەستێوەردانی ڕێژیمی لەم ڕووداوەدا تاوتوێ دەکەن.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەگەری دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لەم ڕووداوەدا لەژێر پشکنینی ورددایە؛ هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش بەتوندی هۆشداریی دا کە ئەگەر دەستتێدابوونی تاران لەم هێرشەدا دەرکەوێ، کۆماری ئیسلامی باجێکی قورس دەدات و ڕووبەڕووی زەبرێکی سەخت دەبێتەوە.
مەترسییەکە لە گەشتی ئاسمانیی فلای دەی بەرەو تێلئاڤیڤ بە زیاتر لە ١٧٠ سەرنشینەوە ڕوویدا، کاتێک جێگری فڕۆکەوانەکە هەوڵی دا بە چەقۆ فڕۆکەوانەکە بکوژێت و فڕۆکەکە تێکبشکێنێت.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا، فڕۆکەکە لە ماوەی کەمتر لە ٣٠ چرکەدا زۆرتر لە ٤ هەزار میتر بەرزایی لەدەست دا، بەڵام بە دەستێوەردانی بەپەلەی سەرنشینان، هێرشبەرەکە کۆنتڕۆڵ کرا و فڕۆکەکە لە عەرەبستان بە فریاگوزاری نیشتەوە.
ئەگەرچی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ڕەنگە هێرشبەرەکە بە تەنیا ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ئەنجام دابێت و تا ئێستا بەڵگەیەکی ئاشکرا لەسەر تێوەگلانی ڕێژیمی تاران ڕانەگەیەندراوە، بەڵام دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد) و ئەمریکا خەریکی بەدواداچوونی وردن لەسەر پاڵنەرە ئەمنییەتییەکانی ئەم پەلامارە.