کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاسبکارێکی خەڵکی میراوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرا

11:34 - 10 رەزبەر 2726

خالید شیر ناسراو بە "خالید عەبدوڵڵا حاجی"، کاسبکار و مەڕداری کورد و خەڵکی شاری میراوای سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شاره‌دا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەزبەر، خالید شیر، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، خەڵکی ئاوایی ئاڵواتانی میراوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوو و دوای ڕۆژێک بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی هەنگاو، ئەم کاسبکارە کوردە کە لە ڕێگەی مەڕدارییەوە خەریکی کاسبی لە ناوچەکەدا بوو، لە بەرزایی و کوێستانە سنوورییەکانی «گوێزێ» هەڵکەوتوو لە دەشتی «وەزنێ»، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و بەسەختی بریندار بوو.

ناوبراو بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ گواسترایەوە، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکانیەوە، ڕۆژی پێنجشەممە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و بێپاساوی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە هاووڵاتییانی مەدەنی و کاسبکارانی کورد، سیاسەتێکی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی و منداڵی بێتاوان، بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی لە تاوانباران بکرێت.