بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵدەریی «حاڵوەش»، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ١٠ی ڕەزبەر، ماشینێکی جۆری لاندکرۆز کە سەرنشینەکانی لە هێزە چەکدارەکانی «فاتمیوون» سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران پێکهاتبوون، لە ناوچەی «ڕوودماهی» سەر بە شاری زاهێدان، کەوتە بەر هێرشی هێزێکی چەکداری نەناسراو و لانیکەم پێنج کەس لە سەرنشینەکانی کوژران.
سەرچاوە خوجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشە دەوروبەری کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی، کاتێک ئەم هێزانە لەو ناوچەیەدا لە حالتی گەڕاندا بوون، ڕووی داوە. سەرەتا تەڵەیەکی تەقینەوە لە ڕێگەی ماشینەکەدا تەقیوەتەوە و پاشان کەسانی چەکدار بە چەکی قورس و تەقەکردن، ماشینەکەیان بە تەواوی لەناو بردووە.
ئەمە سێهەمین تێکهەڵچوونی توندی چەکدارییە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سیستان و بەلووچستان.
هەروەها لەلایەکی ترەوە، لە ناوچەی نێوان ئاواییەکانی «بیدلد» و «شووشگیم» سەر بە شاری ڕاسک، تێکهەڵچوونی توندی نێوان هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزێکی چەکدار لە کاتژمێر ٥:٣٠ی بەیانییەوە دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش کاتژمێر بەردەوام بووە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری سەربازی، ماشینی زریپۆش، چەکی قورس و هەروەها درۆنی سەربازی و خۆکوژ بۆ سەرکوتکردنی تێکهەڵچوونەکە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
تا ئێستا ئاماری وردی زیاتری زیانە گیانییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و لایەنی بەرانبەر لەم ناوچەیەدا بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی گرژییەکان و تێکهەڵچوونە بەردەوامەکان لە نێوان هێزەکانی ڕێژیم و هێزە چەکدارەکانی دیکەدا لە بەشە جیاوازەکانی سیستان و بلووچستان.