دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەزبەر لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی کراوەیە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەوتی زیاتر لەو ئاوڕێگەیە تێپەڕیوە. ناوبراو ئیدیعای کرد کە ڕێژەی گواستنەوەی نەوت تەنانەت لە سەردەمی پێش دەستپێکردنی شەڕیش زیاتر بووە.
ترامپ بە ئاماژەدان بە دۆخی کۆماری ئیسلامی وتی: "ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە" و زیادی کرد کە نازانێت ڕێژیمی ئێران کەی تەسلیم دەبێت، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەوان تەسلیم دەبن."
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ترامپ پێشتریش لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر بنکەی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا ئیدیعای کردبوو کە کۆماری ئیسلامی بە سەختی شکستی هێناوە و شەڕ بەم زووانە کۆتایی پێ دێت.
ناوبراو هەروەها پێشبینیی کرد کە ڕەنگە نرخی سووتەمەنی، دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی ئێرانی وەک یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆککۆماریی خۆی وەسف کرد.