بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەممەد بن زاید ئالی نەهیان، سەرۆکی ئێمارات، زانیاریی نوێی سەربازی و هەواڵگریی خستووەتە ڕوو کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی بۆ بووژاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "سیئێنئێن"، ئەم زانیارییانە دروستکردنی بنکەی نوێ لە "کێوی پیکاکس" لە ناوچەی نەتەنز لەخۆ دەگرێت، کە وەک یەکێک لە ناوەندە ئەگەرییەکان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە پرسی ئێران، پەرەسەندنە ئەمنییەتییەکان لە جووڵەی حووسییەکان لە یەمەن و ئەمنییەتی دەریایی لە گەرووەکانی بابولمەندەب و هۆرمۆز تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
نتانیاهۆ لەم کۆبوونەوەیەدا هۆشداریی داوە کە ئەگەری هەیە ئێران لە حەفتەکانی داهاتوودا هێرشێک لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات.
هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بە ئامادەبوونی بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتیی عەرەبستان لەم دانیشتنەدا دەکەن، هەرچەندە ڕیاز ئەم هەواڵەی ڕەت کردووەتەوە.