نزیکەی ۱۰ هەزار کرێکار و خانەنشینکراو لە ناڕەزایەتییەکدا بەرانبەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و گەڵاڵەی تایبەتیکردنی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاو کردەوە.
واژۆکەران ڕادەستکردنی شیرکەت و سەرمایەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە کەرتی تایبەت، بە "زەوتکردنی مافی موڵکایەتی"ی کرێکاران و خانەنشینان دەزانن و جەختیشیان کردووەتەوە کە "شەستا" دارایی و دەستکەوتی ڕەنجی ساڵانەی بیمەکراوانە، نەک موڵکی دەوڵەت.
ناڕازییان بە ئاماژەدان بە وتەکانی مەسعوود پزیشکیان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کارگە و شیرکەتەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە، هۆشدارییان لەبارەی داهاتووی سەرمایەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی داوە.
لە نامەکەدا، بەڕێوەبردنی حكوومەتی، دامەزراندنی بەڕێوەبەرە ناکاراکان، نەبوونی چاوەدێریی ڕاستەقینەی کرێکاران و خانەنشینکراوان و قەرزە قورسەکانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی کۆمەڵایەتی وەک هۆکارە سەرەکییەکانی گرفتە ئابوورییەکانی شەستا دەستنیشان کراون.
واژۆکەران داوای سەربەخۆیی ڕاستەقینەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی دەستوەردانی دەوڵەت، ڕوونی دارایی و چاوەدێریی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی کرێکاران و خانەنشینکراوان دەکەن بەسەر بەڕێوەبردنی ئەم ڕێکخراوەدا.