چارەنووسی هەرکام لە ئێلهام عەلیزادە خەڵکی مەهاباد و ئامانج محەممەدپوور خەڵکی بۆکان دوای چەندین ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان نادیارە و پەرویز بەنگینی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی سێ حەفتە بەسەر دەسبەسەرکرانی ئێلهام عەلیزادە (سوهەیلا)، تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە پێدانی وڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوێرن.
لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و سەردانیان بۆ دامەزراوە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی مەهاباد، نەغەدە و ورمێ بێئاکام ماوەتەوە.
ئێلهام عەلیزادە ڕۆژی یەکشەممە ۱۵ی خەرمان، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە مەهاباد، بێ هۆکار دەسبەسەر کرابوو.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئامانج محەممەدپوور، ڕۆژنامەنووسی بۆکانی، چارەنووسی دیار نییە.
ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکە مەدەنییە تا ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
ئێوارەی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئامانج محەممەدپوور بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە و پاش پشکنیینی ماڵەکە، لاپتۆپ و مۆبایلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتی کوردپا، «پەرویز بەنگینی»، خەڵکی «بۆکان»، لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» بە ٨ مانگ زیندانی داسەپاو سزا درا.
شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە لە ڕێبەندانی ١٤٠۴دا بە شێوازێکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو.