کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ: کۆماری ئیسلامی داهاتەکانی بۆ تێرۆر خەرج دەکات و هیچ نرخێک بۆ گیانی خەڵکی ئێران دانانێت

14:47 - 7 رەزبەر 2726

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بە سەرکوتکردن و کوشتاری خەڵکی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و ڕایگەیاند: «ئێمە باس لە ڕێژیمێک دەکەین کە دەیان هەزار، ڕەنگە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی خۆی لە ماوەی ئەم بەناو ئینقلابەیدا کۆمەڵکوژ کردووە».

مارکۆ  ڕۆبیۆ شەوی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا لەگەڵ فاکس نیوز ئاماژەی  بە "دەسەڵاتی ئاخوندەکان" لە ئێران کرد و ئەوەی خستە ڕوو کە؛ «ئەگەر ئامادەن کە خەڵکی خۆیان کۆمەڵکوژ بکەن و جینۆسایدیان بکەن، جا وێنای بکەن ئەگەر چەکی ناوکییان هەبێت، چی بەسەر ئەمریکاییەکان، یان کەسانی تری ناوچەکە، یان ئیسرائیلییەکان، یان هەر کەسێکی تر دەهێنن».

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی  لەسەر ئەوە کردەوە کە «ئەوان هیچ نرخێک بۆ گیانی هیچ کەسێک لە ئێران و جیهان دانانێن».

مارکو ڕوبیۆ لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی جیاکردنەوەی ئێران لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وتی: « خەڵک زۆر جار هەڵەیەک دەکەن و ئێران وەک وڵاتێک دەبینن. ئێران وڵاتێکە، بەڵام کێشەی ئێران خودی وڵاتەکە نییە. کێشەی ئێران ئینقلابەکەی کۆماری ئیسلامییە و ئەوەش هەمان ئەو شتەیە کە بەسەر ئەو وڵاتەدا حوکم دەکات».

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە دۆخی ئابووریی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کرد کە ئابووریی ئێران بووەتە «کارەساتێکی تەواو» و ڕێژیمی تاران لە جیاتی بەکارهێنانی داهاتەکانی وڵات بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، سەرچاوە داراییەکانی خۆی بۆ دروستکردن چەک، هەناردەکردنی "ئینقلاب" و پشتگیریکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان خەرج دەکات.

هەروەها ڕۆبیۆ هەر لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ئابووریی کۆماری ئیسلامیدا وتی: «بەخێرایی بەرەو کارەساتێکی تەواوەتی دەڕۆن. ئەوان هەرگیز لە ڕووی ئابوورییەوە کارایی باشیان نەبووە».

ناوبراو بە ستایشکردنی خەڵکی ئێران و تواناكانی ئەم وڵاتە زیادی کرد: «بە پێچەوانەوە ئەم بابەتە دڵتەزێنەوە، ئێران وڵاتێکە خاوەن توانایی سەرسووڕهێنەرە. خەڵکەکەی مرۆڤگەلی باوەڕپێکراو، ڕەنجدەر، زیرەک و تێکۆشەرن کە خاوەن مێژوویەکی دێرینن و دەستکەوتی زۆریان بەدەست هێناوە».