بە ئامانجی کۆکردنەوەی تەواوی کەلێن و قوژبنەکانی زمان و زمانەوانی لەنێو یەک ئەپلیکەیشندا، پڕۆژەیەکی پڕناوەڕۆکی تێکنۆلۆژی کە ۲۳ ئەپی گەورە لەخۆدەگرێت کەوتە قۆناغی کۆتاییەوە، کە بۆ یەکەمجارە سیستەمێکی لەو شێوەیە بۆ فێربوونی کوردی و ڕاهێنانی ئاخاوتنی ئینگلیزی بەرهەم دەهێنرێت.
فەرهاد نەریمان دروستکەر و خاوەنی پڕۆژەکە ڕایگەیاند کە پاش کارکردن و پێداچوونەوەیەکی زۆر، کارەکانی دروستکردنی ئەم پڕۆژەیەی لە یادى "ڕۆژی ڕیفراندۆم"دا تەواو کردووە.
ئەپلیکەیشنەکە وەک بنکەیەکی زانیاریی دەوڵەمەند و زانستی کار دەکات؛ تەواوی یاسا ڕێزمانییەکان، تێئۆرییەکان، کۆدەکان، ڕەگی وشەکان و خشتە زانستییەکانی تێدا کۆ کراوەتەوە.
جگە لەوانەش، بەشێکی تایبەتی تێدایە بۆ ڕاهێنانی ماسوولکەکانی دەم بە مەبەستی ڕەوانبێژی و بەهێزکردنی ئاخاوتن بە زمانی ئینگلیزی.
ئەم پڕۆژەیە بە دیاردەیەکی زانستیی کەموێنە دادەنرێت؛ چونکە بۆ یەکەمجارە کارێکی وا پڕناوەڕۆک بە زمانی کوردی دەخرێتە ڕوو، هەروەها نەک تەنیا لە ئاستی نێوخۆدا، بەڵکوو بە هیچ زمانێکی دیکە وێنەی نەبووە و ئەنجام نەدراوە.
لە ئێستادا ئامادەکاریی پڕۆژەکە داوای سەرنج، ڕا و پشتیوانی لە شارەزایان دەکات بۆ دۆزینەوەی مێکانیزمێکی گونجاو تاکوو بە شێوازێکی شایستە و ڕێکوپێک بڵاو بکرێتەوە و بگاتە دەستی خوازیاران، تا خزمەتێکی گەورە بە فێرخوازان و زمانی کوردی بکات.