ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، کاک سەعید ئازەرگوون پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی جڵدیان سەر بە ناوچەی بەربنەی پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک سەعید لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە ئاوایی جڵدیان لە دایک بووە و لە سەرەتای ساڵی ٦٠ هەتاوییەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵ لە لکی یەکی هێزی ئاوارەدا پێشمەرگە بووە.
دواتر لەسەر داواکاریی خۆی و ڕەزامەندیی حیزب واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و دەگەڕێتەوە نێوخۆ، بەڵام هەموو کات لە خەمی خەباتی ڕەوای گەل و نیشتمانەکەیدا بووە و پشتی لە تێکۆشەرانی حیزبەکەی نەکرد.
هەر بەهۆی پێوەندیی بە حیزب و هاوکاریی پێشمەرگەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ لەلایەن ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعاتەوە زیندانی دەکرێ.
ناوبراو کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزب و ڕێبازە پیرۆزەکەی مایەوە.
ناوبراو هەموو کات زۆر تامەزرۆی ئەوە بووە کە ئاواتەکانی وەدی بێت و کورد بە مافی ڕەوای خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە وەک زۆر کەسی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری تر بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.
تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە بەشداریی خەڵکی ناوچەی بەربنە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.