کەمبوونی بەرفراوان و بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی دەرمانەکانی دەمار و دەروون، باری ئابووریی نەخۆشانی ئاڵۆز کردووە و بەشێکی زۆریان بە ناچاری ژەمی دەرمانەکانیان کەم کردووەتەوە یان چارەسەرەکانیان بەتەواوەتی ڕاگرتووە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەرمانە سەرەکییەکانی وەک "ئاسنترا" (سێرتراڵین)، "کلۆنازیپام"، "ڤێنلافاکسین" و "ئەزیپەم" لە دەرمانخانەکاندا نایاب بوون و نرخی بەشێک لەم دەرمانانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تا حەوت بەرابەر بەرز بووەتەوە.
هاوکات کەمبوونەوەی پۆششی بیمە تەندروستییەکان باری دارایی بنەماڵەکانی قورستر کردووە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە نەخۆشان بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە دەستبەرداری وەرگرتنی دەرمانەکانیان دەبن.
کەمبوونی دەرمان لەکاتێکدا ڕوو دەدات کە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان، ڕێژەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگەدا زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە تێکڕای نرخی دەرمان لە سەرەتای ساڵەوە ١٠٣٪ بەرز بووەتەوە و وەزیری تەندروستیش دانی بە کەمبوونی دەیان قەڵەم دەرمانی بنەڕەتیدا ناوە.
داڕمانی سیستەمی تەندروستی و گرانیی دەرمان لە ئێران، ئەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵاوسانی ئابووری و کەمبوونی دراوی بیانییە بۆ هاوردەکردنی کەرەستەی خاو.
بەکارهێنانی دەرمانی بێ کوالێتیی نێوخۆیی و گرانبوونی دەرمانە بیانییەکان، ژیانی هەزاران نەخۆشی خستووەتە بەردەم مەترسیی جیددییەوە.