داڕمانی بەردەوامی بەهای پارە و قەیرانی بێوێنەی ئابووری لە ئێراندا، ڕێکۆردێکی دیکەی تۆمار کرد و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی تاراندا ئاستی ٢٤٤ هەزار تمەنی تێپەڕاند.
بەپێی سەرچاوەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و تا کاتی ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی ڕەزبەردا نرخەکان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەرز بوونەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە ٢٤٤ هەزار و ٤٠٠ تمەن و هەر یۆرۆیەک گەیشتە ٢٧٨ هەزار تمەن و پۆندی بریتانیاش بە ٣٢٤ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.
لە بازاڕی زێڕ و سکەشدا، نرخی هەر سکەیەکی تەواوی ئیمامی ٢٤٧ میلیۆن و ٥٠٥ هەزار تمەن، نیوسکە بە ١٢٧ میلیۆن تمەن و چارەکە سکەش بە ٦٨ میلیۆن هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا.
نرخی دۆلار لە ٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا ١١١ هەزار تمەن بوو؛ بەمەش بەهای دراوی ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە دوو بەرانبەر بەرز بووەتەوە.