منداڵێکی ٩ ساڵەی بەلووچ دوای ئەوەی لە ماشینی باوکیدا لە ناوچەی سەراوان کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "حاڵوەش"، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی جیهادئابادی سەراوان تەقەیان لە ماشینێکی هەڵگری ئاوی خواردنەوە کرد.
لە ئاکامی ئەم دەستڕێژەدا، منداڵێک بە ناوی "محەممەدئەمین دێهقان" تەمەن ٩ ساڵ سەر و جەستەی بەسەختی بریندار بوو و باوکیشی "ئێسحاق دێهقان" پێکرا.
سەرەڕای برینداربوونی باوکی و هەوڵەکانی بۆ گەیاندنی کوڕەکەی بە بنکەی تەندروستی، محەممەدئەمین دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاوەدێریی چڕی نەخۆشخانەی ڕازی لە سەراوان، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەزبەر بەهۆی سەختیی برینەکانی سەرییەوە گیانی سپارد.
ماڵپەڕی حاڵوەش دیمەنی ماشینی ئەم بنەماڵەی بڵاو کردووەتەوە کە شوێنی بەربڵاوی فیشەکی هێزە ئەمنییەتییەکانی بەسەر جەستە و شووشەی ماشینەکەوە دیارە.
تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و بێپاساوی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە هاووڵاتییانی مەدەنی و کاسبکارانی بەلووچ و کورد، سیاسەتێکی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی و منداڵی بێتاوان، بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی لە تاوانباران بکرێت.