کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات بە سێ دڕۆن کرایەوە ئامانج

08:07 - 6 رەزبەر 2726

لە نێوان کاتژمێر ١:٤٠ تا ٢:١٠ خولەکی نیوەشەودا، کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سێ دڕۆن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرایە ئامانج.

کەمپی ئازادی لە نزیک شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتە.

ئەم هێرشە، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵوەگەڕی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب لە دوای بەئەنجامگەیشتنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ڕووی دا. لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١دا و پاش سەرکەوتنی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان لە دوای کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و بەئەنجامگەیشتنی پڕۆسەی یەکگرتنەوە، کۆماری ئیسلامی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات دەست پێ کرد.

بەداخەوە لەو زنجیرە هێرشە دڕندانەیەدا، ٩ هاوڕێ و هاوسەنگەرمان شەهید بوون؛ لەنێویاندا وانیار ڕەحمانی، کەم‌تەمەنترین شەهیدی ئەم هێرشە، کە تەمەنی تەنیا دوو ڕۆژ بوو. هەروەها لە شەپۆلەکانی دواتری هێرشەکانی پاییزی هەمان ساڵدا، ٤ هاوڕێی دیکەشمان چوونە ڕیزی شەهیدانی نەمرەوە.

جێگەی ئاماژەیە شەوی پێنجشەممەی ڕابردووش، کۆماری ئیسلامی بە گومانی هەبوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، ماڵی هاووڵاتییەکی لە شاری سۆران دڕۆنباران کرد.

لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانەوە هەتا ئێستا، بە زیاتر لە ١٦٣ مووشەک و دڕۆن، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کراونەتە ئامانج.