کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار بەندکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا

13:57 - 6 رەزبەر 2726

چوار کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠١ لە پێوەندیی لەگەڵ  دۆسییەی «شارۆچکەی ئێکباتان»، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هەرکام لە میلاد ئارموون، نەوید نەجاڕان، مەهدی ئیمانی و سەید محەممەدمەهدی حوسێنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، تۆمەتی «افساد فی‌الارض»یان دراوەتە پاڵ.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەواڵدەریی «ڕۆکنا»ی ڕێژیم لە ڕاپۆرتەکەیدا بێ ئەوەی ناوی بەندکراوان بهێنێت، تەنها ڕایگەیاندووە کە دۆسییەی ئارمان عەلیوێردی بەپێی بڕیاری «دوو  دادگای کەیفەری و ئینقلاب»ی ڕێژیم، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و چوار کەس سزای لەسێدارەدان و پێنج کەسی تریش سزای بەندکرانی درێژماوە و  سزای قورسی دیکەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، چوار تۆمەتباری ڕیزی یەکەم تا چوارەمی ئەم دۆسییەیە، بە پشتبەستن بە «ڕاپۆرتی پۆلیسی ئاگایی، ڕای پزیشکی دادوەری»ی ڕێژیم، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەیان بەندکراوی ئەو ناڕەزایەتییە، یان لە سێدارە دراون یان ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە و هەزاران کەسی دیکەش بە سزای جۆراجۆری دیکە مەحکووم کراون.