کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری وزەی ئەمریکا: ڕۆژانە ١٣ میلیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە دەگوازرێتەوە

11:05 - 5 رەزبەر 2726

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەوە، گواستنەوەی ڕۆژانەی نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە گەیشتووەتە ١٣ میلیۆن بەرمیل؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە واشنگتۆن پێشنیاری تارانی بۆ کردنەوەی گەرووەکە ڕەت کردووەتەوە.

کریس ڕایت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ئاشکرای کرد لە حەفتەی ڕابردوودا و لە ڕۆژێکدا ئاستی پەڕینەوەی نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە ٢٠ میلیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە کە تەنانەت لە ئاستی پێش دەستپێکردنی شەڕیش بەرزترە.

ڕایت ئاماژەی بەوە دا کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕێڕەوەکەیان بۆ گواستنەوەی نەوت، گاز و بەرهەمە شیمیاییەکان ئاسایی کردووەتەوە.

وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی کردەوە ئاستەنگی سەرەکیی ئێستای بازاڕی وزەی جیهان پەیوەندیی بە کەمیی توانای پاڵاوتنەوە هەیە، نەک ڕاگرتنی گواستنەوە؛ بەو پێیەی توانای پاڵاوگەکانی ڕووسیە ٤٠٪ کەمی کردووە و بەشێک لە پاڵاوگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لە کار کەوتوون.

ڕایت ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی تاران دا لەلایەن ترامپەوە بۆ کردنەوەی گەرووەکە لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکان و ڕایگەیاند گوشاری ئابووریی ئەمریکا تارانی ناچار بە داواکاری لەم شێوەیە کردووە.

وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی لە سەربەخۆیی وزەی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە کۆی بەرهەمی ڕووسیە و عەرەبستان زیاترە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد واشنگتۆن پلان بۆ فراوانکردنی بەرچاوی ژێرخانی کارەبا و وزە دادەنێت تا لە بوارەکانی پیشەسازی و ژیریی دەستکرددا پێش چین بکەوێت.