لە درێژەی هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جیهانی بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وتوویەتی "کەمترین پاشەکشە لە داواکارییەکانمان ناکەین؛ دەستپێشخەری لە گەرووی هۆرمۆز لە دەستی ئێراندایە و تۆڵە لە ترامپ و نێتانیاهوو دەکەینەوە".
ئەبوولفەزڵ شکارچی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایگەیاند کە "هێزە چەکدارەکان بچووکترین پاشەکشە لە بەرانبەر دوژمن ناکەن".
شکارچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگوڕەنگی ڕێژیم هەڕەشەی لەو کەشتییانە کرد کە لە گەرووی هۆرمۆزدا تێدەپەڕن و وتی: "هەر کەشتییەک لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوە دیاریکراوەی کە ئێران دەستنیشان کراوە تێپەڕ ببێت، هیچ ئارامی و ئەمنییەتێکیان نابێت."
نابراو هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە بەرپرسی کوژرانی عەلی خامنەیی و کوژراوانی تری ڕێژیم زانی و وتی: "تەنانەت ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت، لە ترامپ، نێتانیاهوو و هاوپشکەکانیان خۆش نابین. چ لە دەسەڵاتدا بن و چ نەبن، سزا دەدرێن و بە سزای کردەوەکانیان دەگەن."
هاوکات ناوەندی "بەڕێوەبەرایەتیی ئاوڕێگەی کەنداو" کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمۆز پێکیهێناوە، هەڕەشەی لەو کەشتییەکان کرد کە لە گەرووی هۆرمۆز کەڵک وەردەگرن و ڕایگەیاند: "تووشی دەرئەنجامی قورس دەبن".
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی خێرای گەرووی هۆرمۆزی ڕەت کردووەتەوە.