ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە چەند هێرشی جیاوازدا لە غەززە و باشووری لوبنان، پێگە و هێزەکانی سەر بە حماس و حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج و زیانی زۆری پێ گەیاندوون.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکدا لە کەمپی نەسیڕات لە ناوەڕاستی غەززە، ئیبراهیم فەوزی ئیسماعیل موحسین ، فەرماندەیەکی باڵی سەربازیی گرووپی تێرۆریستیی حەماسی لەنێو بردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ناوبراو فەرماندەی هێزی نوخبەی حەماس بووە.
بەپێی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم تێرۆریستە لە دیزاینکردن و پێشخستنی هێرشەکان دژی هێزە سەربازییەکان و هاووڵاتییانی ئیسرائیلیدا ڕۆڵی هەبووە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکی تردا محەممەد کامیل سولەیمان موحسین، لە ئەندامانی باڵای حەماس، لە خان یوونس لە باشووری غەززە کوژراوە.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم دوو فەرماندەیەی حەماس بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو گرووپە لە هەوڵدا بوون؛ هەنگاوێک کە ئیسرائیل بە "پێشێلکردنی سیستەماتیکی ئاگربەست" ناوی بردووە.
هاوکات، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆگایەکی چەکوچۆڵی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای لە ناوچەی سەجد لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
حەماس و حیزبوڵڵا دوو گرووپی چەکداری تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە بەهۆی کردەوەی تێرۆریستی و بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل و ناوچەکە، لەلایەن چەندین وڵاتی جیهانەوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.