کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی لوبنان: تاران هێشتا تێنەگەیشتووە کە بڕیاردان لەسەر لوبنان تەنیا لە دەسەڵاتی خۆماندایە

10:18 - 5 رەزبەر 2726

یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا تێنەگەیشتووە کە بڕیاردان لەسەر پرسی لوبنان لە ئێستادا تەنیا لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئەم وڵاتەدایە و بەیرووت هیچ پێویستییەکی بەوە نییە کە لایەنێکی تر بە ناوی ئەوەوە دانوستان بکات.

ڕەجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "سکای نیوزی عەرەبی" ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا له هەردووکیان هاوکاریی پێویست لە ئاسانکاریی پرۆسەی دانوستانەکاندا ناکەن، بەڵام بەرپرسیاریەتیی حیزبوڵڵای‌ بە قورستر زانی و ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە خۆی لە وتووێژکردن سەبارەت بە قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەبوێرێت.

وەزیری دەرەوەی لوبنان ئەوەشی خستە ڕوو کە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ فراوانکردن و سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر هەموو خاکی ئەم وڵاتەدا نابێتە هۆی شەڕی نێوخۆیی مەگەر حیزبوڵڵا لەو بارەوە دەسپێشخەری بکات.

شایانی باسە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ڕۆژی هەینی لە وتارێکیدا لە ٨١ـەمین خولی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند کە سەروەریی نیشتمانیی لوبنان دابەش نەکراوە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان لە مەترسییەکانی تێوەگلان تێیدا، بەسەر خەڵک و وڵاتی لوبناندا سەپێنراوە.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەوەی کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و قۆرخکردنی چەک تەنیا لە دەسەڵاتی حکوومەتی لوبناندا دەبێت، قەیرانی ئێستای بە شەڕێکی "سەپێنراو" وەسف کرد و هەروەها بەتوندی هێرشەکانی ڕێژیمی تارانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئۆردۆن مەحکووم کرد.