سینەماکاری بەتوانای کورد، هێمن ئالانی بە کورتەفیلمی «نان بە تامی خاک» خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی فێستیڤاڵی «دو پاوۆ»ی پورتغاڵی بەدەست هێنا.
کورتەفیلمی بەڵگەیی «نان بە تامی خاک» لە دەرهێنانی هێمن ئالانی و بەرهەمهێنانی هاوبەشی سنوور سەعیدی و هێمن ئالانی، لە شانزەهەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، توانی لە نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی «DO PAO» لە پورتغاڵ، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بهێنێت.
ئەم فێستیڤاڵە لە ١٨ تا ٢٤ی خەرمانان لە وڵاتی پورتغاڵ بەڕێوە چوو و سەرکەوتنێکی تری بۆ سینەمای کوردستان تۆمار کرد.
ئەم بەڵگەفیلمە کورتە کە پێگەی خۆی لە ناوەندە سینەماییە جیهانییەکاندا قایم کردووە، پێش ئەمەش لە چەندین فێستیڤاڵی گرنگی جیهانی لە وڵاتانی جۆراجۆردا بەشداری کردبوو؛ لەوانەش فێستیڤاڵەکانی پاپی جەسپەر، جیرۆنای ئیسپانیا، ئەکۆسینەی برێزیل، فێلتێلنێد، شیکاگۆ ئاندێر گرەند، میهۆدووی ژاپۆن، لاس کرۆسێسی نیۆمەکزیکۆی ئەمریکا، لیفت ئیندیای هیند، پانۆرامای توونێس، فێستیڤاڵی بەهاری ئەندۆنێزی، فێستیڤاڵی تووریستی ژاپۆن، یووالیتی فەڕانسە، ئارت نان ئەستۆپی ئاڕژانتین و لین داكی ئەمریکا.
سەرکەوتنی بەردەوامی ئەم بەرهەمە نیشانەی قووڵایی نێوەڕۆک و گوتاری هونەریی دەرهێنەرەکەیەتی لە گێڕانەوەی چیرۆکە مرۆییەکان و ناساندنی زیاتری کولتوور و ڕاستییەکۆمەڵایەتی بە شانۆی جیهانی.