کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا: هەوڵەکان بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران خەریکە دەگاتە ئاکام

09:22 - 5 رەزبەر 2726

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی وڵاتەکەیەوە، گۆشەگیرکردنی ئێران خەریکە دەگاتە ئاکام و سزاکان هێڵە ئاسمانییەکان و بانکەکانی تارانی گرتووەتەوە.

سکات بێسێنت لە ئیکس نووسیویەتی: "تیمەکانمان ڕوانەی وڵاتان کرد تا داوای هەڵوێست دژ بە ئێران بکەن و ئەم هەوڵانە لەئێستادا سەرکەوتوو بوونە."

بێسێنت ئاماژەی بەوە دا تورکیە، عومان و ئیمارات گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیان ڕاگرتووە و بانکە گەورەکانی تورکیە و ئیماراتیش مامەڵە داراییەکانیان لەگەڵ تاران بەستووە.

ناوبراو جەختی کردەوە زیانە ئابوورییەکان تا ئاستێک بوون بەرپرسانی ئێرانیش دانیان پێدا ناوە و بەهای ڕیاڵ بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی داڕماوە.

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا سپاسی بریتانیا، تورکیە، عومان و ئیماراتی کرد و وتی بۆ ڕێگریکردن لە هەنگاوەکانی تاران دەبێت کاری زیاتر بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی "واڵ‌ستریت ژۆرنال"، جان بێرک جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، بۆ وەگەڕخستنی "ڕۆژی دەی ئابووری" (Economic D-Day) دژ بە تاران، سەردانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپای کردووە و وەزارەتەکەی لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ وڵاتدا گفتوگۆی ڕاستەوخۆی کردووە.