بنەماڵەی ژمارەیەک لە قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لە هەنگاوێکی هاواهەنگدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس، بەرانبەر بە بانگەشەی سەرۆککۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارەکەیدا لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەوان لە پەیامێکی هاوبەشدا کە کۆمیساریای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی تێدا هاوبەش کرابوو، جەخت دەکەنەوە کە "ئەو خۆشەویستە کوژراوەکانی ئێمە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا چەکدار نەبوون و هیچ جۆرە چەکێکیان پێ نەبووە و بۆ هیچ وڵاتێکی دەرەکیش چالاکییان نەکردووە".
ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، چەندین بەڵگەیان لە دژی تۆمەتەکانی پزیشکییان خستووەتە ڕوو و بانگەشەی سەرۆککۆماری دەسنیشانکراوی ڕێژیمیان بە درۆ خستەوە.
مەسعوود پزیشکییان ڕۆژی چوارشەممە لە سەفەری بۆ ئەمریکا، لە یەکی ڕەزبەردا، وتارێکی لە هۆڵی هەشتا و یەکەمی سەرکردەکانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک پێشکەش کرد.
ئەو لە بەشێک لە وتارێکی پەیوەندیدار بە کۆبوونەوە شەوانەکانی لایەنگرانی ڕێژیم لە پاش ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، بانگەشەی ئەوە کرد کە خۆپیشاندەران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە «هان درابوون و چەکدار کرابوون».
ناوبراو وتوویەتی کە: «لە حەوت مانگی ڕابردوودا، خەڵکی ئێمە هەموو شەوێک لە شەقامدا بوون بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن کە ئەو کەسانەی ئەمریکا و ئیسرائیل هانیان داون، چەکدار کراون، بێن و لە ناوخۆی وڵاتدا نائارامی دروست بکەن».
بنەماڵەی ژمارەیەک لە قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە وڵامی تۆمەتەکەی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێراندا لە پەیامی هاوبەشی خۆیاندا نووسیویانە: «ئێمە شایەتی دەدەم کە ئازیزانی ئێمە چەکدار نەبوون و بۆ هیچ دەوڵەتێکی دەرەکیش چالاکییان نەکردووە. ئێمە داواکاری ڕاستی و دادپەروەری و وڵامدەربوونی ئێوە دەکەین».
ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، سەرەتا لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بوون بە زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە سەرانسەرى ئێران و بۆ زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران بەخێرایی پەرەی سەند.
ئەم ناڕەزایەتییانە بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، بێ بەهابوونی دراوی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار و خراپیی بارودۆخی گوزەرانی خەڵکەوە سەریان هەڵدا و تێیدا دروشمی توند و ساختارشکێەن دژ بە ڕێژیمی تاران درا.
بەپێی ئامارەکان لەو خۆپیشاندانەدا، نزیک بە ٦٠ هەزار هاووڵاتی لە سەرانسەری ئێران و کوردستان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون یان لە سێدارە دران.